7 حەز 0 ڕق
52 جار بینراو
تاوەکوو ئێستا کارێکتان کردووە کە چەن ساتێک دواتر دێتەوە خەیاڵتان کە پێشتر خەونتان یانیش لە ڕابردوو بیری ئەم ساتە و ڕووداوەتان کردووەتەوە؟

1 وەڵام

11 حەز 0 ڕق

پێموا مەبەستت دێژاڤوو بێت.

دێژاڤوو واتە ئەوەی کە هەست دەکەیت پێشتر ئەو ڕووداوەت بینیوە یان هەستێکی ئاشنات هەیە بۆ ئەو شتانەی ڕوو دەدەن. دێژاڤوو وشەیەکی فرەنسییە و مانا ڕاستەوخۆکەی واتە 'هەر ئێستا بینراو'. ڕەنگە بۆ زۆربەمان ئەو شتە ڕووی دابێت کە دەکەوینە دۆخێکەوە و هەست دەکەین پێشتر ئەو ڕووداوانەمان لە ڕابردوودا بینیوە.

بە گشتی دێژاڤوو واتە ئەو هەستەی کە پێتوایە پێشتر ئەم ساتەی ئێستا ژیاویت و ڕووداوەکانی ئەم ساتەت جارێکی دی لە ڕابردوودا بینیوە. خەڵک ئەم هەستە بە شتێکی سەرووسرووشتی یان پێشگۆیی دەزانن بەڵام ئایا بنەمایەکی زانستی هەیە؟ یان لە ڕوانگەی زانستەوە ئەم شتە قبووڵ کراوە؟

زۆرینەی بۆچوون و تیۆرە زانستییەکان، ئەم هەستە وەکوو شتێکی سەرووسرووشتی یان پێشگۆیی ڕەت دەکەنەوە. لە بواری دەروونناسیدا ئەم دۆخە بە ناکۆکییەکی دەروونی ناو دەبرێت کە دوو چەشنە. چەشنی یەکەم ناکۆکی و کێشەی دەروونییە، لە ئەو کەسەی کە تووشی بووە زۆر ڕوو دەدات و زۆر چڕە و لە دەرەوەی کۆنترۆڵ دایە. بە تایبەت ئەگەر درێژخایەن و چڕ بێت و هاوکات لەگەڵ نیشانەگەلێکی دیکە وەکوو بوورانەوە ڕوو بدات، بە نەخۆشی دێتە ئەژمار. چەشنی دووهەمیش تایبەت بە کەسانی تەندرووستە کە هەندێ کات ڕوو دەدات؛ دوو لە سێی ئەو کەسانەی دێژاڤوو_یان هەیە لە چەشنی تەندرووستن.

ئەو بۆچوونەش هەیە کە ئەم هەستە لە مێشکدا هاوشێوەییەک لەگەڵ وێنا و ڕووداوێک لە ڕابردوو یان بەشێک لە فیلمێک کە دیتووتە درووست دەکات و بۆیە پێتوایە ئەم دۆخەت پێشتر بینیوە. ئەو کەسانەی زۆرتر سەفەر و گەشت دەکەن و ئەوانەی زۆرتر فیلم دەبیننن ئەگەری هەست کردن بە دێژاڤوویان زۆرترە. هەروەها لە کاتی هەبوونی ترس و فشار و پاڵەپەستۆ و دڵەڕاوکێ و هتد ئەگەر ڕوودانی زۆرتر دەبێتەوە.

زانایانی بواری دەروونناسی هەوڵیان داوە ئەم هەستە درووست بکەنەوە تاکوو زۆرتر لێی تێبگەن، بۆ نموونە لە توێژینەوەیەکدا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە بەشی دەروونناسی زانکۆی لیدز (Leeds) هەوڵیاندا لە ڕێگای خەواندنی موگناتیسی (هیپنۆسیس)، یادەوەری درووست بکەن بۆ بەشداربووان. یادەوەرییەکە شتگەلێک بوو وەکوو یاری کردنێک یان وشەیەکی نووسراو بە ڕەنگێکی تایبەت. پاش ماوەیەک ئەو یاری یان وشەیەیان پیشانیان دەدا تاکوو ئەو هەستەی دێژاڤوویە درووست ببێت.

یان لێکۆڵینەوەیەکی دیکە لە ڕێگای ڕاستی دەستکردەوە (Virtual Reality) بوو، بۆ نموونە بەشداربوان گوتبوویان هەستیان بە دێژاڤوو کردووە لە کاتی گەشت کردن بە نێوی جیهانە دەستکردەکەدا، بۆ نموونە کاتێک باخێکیان وەکوو خۆی دیسان لە شوێنێک دیکەدا دانابووەوە و بە جێگەی گوڵەکان زبڵیان دانابوو کە وەکوو زبڵدانێک بنوێنێت.

ئەم توێژینەوانە ئەو بۆچوونەیان درووست کردووە کە دێژاڤوو دیاردەیەکی یادەوەرەییە. ئێمە دۆخێک دەبینین کە زۆر لە یادەوەرییەکمان لە ڕابردوودا دەچێت بەڵام ناتوانین ئەو یادەوەرییە بەتەواوی وەبیر بهێنینەوە. مێشکمان لەو لێکچوونەی نێوان ڕووداوەکەی ئێستا و یادەوەرییە کۆنەکە تێدەگات و هەستێکی ئاشنایی بۆمان درووست دەبێت کە ناتوانین سەرچاوەکەی بەتەواوەتی بدۆزینەوە.

دەیان تیۆرە سەبارەت بەم دیاردەیە هەیە، هەندێکیش دەڵێن ئەمە کێشەیەکی چالاکی زەینە؛ بە جۆرێک کە کاتێک شتێکی نوێ دەبینن، ئەو زانیارییە نوێیانە بەجێگەی ئەوەی  لە  بیرگەی کورتخایەندا بوەستن بە هەڵە دەچنە نێو بیرگەی درێژخایەنەوە و ئیدی بۆیە پێمان وایە یادەوەرییەکی کۆنە و پێشتر لە زەمەنێکی دووردا ئەو شتەمان بینیوە یان ئەو دۆخەمان هەست پێ کردووە.

تیۆرەیەکی دیکە دێژاڤوو پێوەند دەدات بە یادەوەری درۆیینەوە، واتە یادەوەرییەک کە پێمانوایە ڕاستەقینەیە کەچی نییە. ئەم چەشنە دێژاڤوویە وەکوو هەستی ئەو کاتانەیە کە ناتوانی جیاوازی خەونێک لەگەڵ ڕووداوێکی ڕاستەقینە جیا بکەینەوە، واتە دڵنیا نین ئاخۆ ئەو شتە بەڕاست ڕوویدابوو یان خەونمان دیتبوو. هەڵبەت ئەم بیرۆکەیە لاوازە و لێکۆڵەران ڕەتی دەکەنەوە.

لە توێژینەوەیەکدا لە ڕێگای سکان کردنی مێشکی هەندێک بەشداربووەوە بەم ئەنجامە گەیشتن: لە سکانەکەدا ئەو بەشەی مێشک کە پێوەندی بە یادەوەرییەوە هەیە وەکوو هیپۆکامپووس، چالاک نەبووبوونەوە کەواتە ئەو پێوەندی بە یادەوەری درۆینە ڕەت دەکرێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەو بەشانەی مێشک چالاک بوون کە پێوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەیە. ئەم خوێندنەوەیە بۆی دەکرێت کە لە کاتی ڕوودانی دێژاڤوو، چەشنێک ناکۆکی لە نێوان ئیشی بەشە جۆراوجۆرەکانی مێشکدا ڕوودەدات و مێشک لە یادەوەرییەکاندا بۆ ناکۆکییەک دەگەڕێت لە نێوان ئەو شتەی هەست دەکەین  و پێمانوایە کە ڕوویداوە لەگەڵ ئەو شتەی بەڕاست ڕووی داوە بۆمان و لە ئەنجامدا ئەو هەستە درووست دەبێت کە ئەم شتە یەکەمجار نییە ڕوودەدات و پێشتر دیتوومانە.

...