لە ڕاستیدا برنجی سپی و قاوەیی هەردووکیان یەک دانەوێڵەن، بەس برنجی سپی زۆرتر دەهاڕدرێت و هەموو شتێکی لێ دادەماڵدرێت بێجگە شانەناوەکی تۆم (endospern). بەڵام لە برنجی قاوەیی کە کەمتر دەهاڕدرێ بێجگە ئەو شانەناوەکییە، پێست و تۆوەکەشی دەمێنێتەوە و ئەمەیە کە دەبێتە هۆی قاوەیی بوونی ڕەنگی برنجەکە و زۆربەی خەڵک پێیانوایە کە چتە قاوەییەکان وەکوو ئاردی گەنم و هتد قاوەییەکەی سرووشتیترە.
برنجی قاوەیی فیبر و پڕۆتینی زۆرترە کە ئەمە شتێکی چاک و بەسوودە، هەڵبەت هەروەها کالۆری و کاربۆهیدرات و چەوری زۆرتریشی هەیە بەراورد بە برنجی سپی. کەواتە چما برنجی سپی نەختێک تەندرووستترە.
برنجی سپی پێوانەی شەکری لە سەرترەوەیە واتە لەش خێراتر شەکرەکە تێکدەشکێنێت و گلوکۆزێکی زۆرتر بەرهەم دێنێت و چالاکی ئەنسۆلین زۆرتر دەکاتەوە، ئەمە ڕەنگە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی چەشنی 2یان هەبێت کێشە ساز بکات بەڵام بۆ کەسانی دیکە کێشەی نییە.
برنجی قاوەیی بەهای خۆراکی وەکوو مەگنیسیوم و سلینیوم و مس و پۆتاسیۆمی زۆرتر تێدایە. بەڵام زۆربەی برنجە سپییەکان دەوڵەمەند دەکرێن و ئەو کەمییە قەرەبوو دەکەنەوە.
بە گشتی برنجی قاوەیی و سپی وەکوو یەکن و جیاوازییان زۆر کەمە و بە پێی توێژینەوەکان هیچ بەڵگەیەک نییە کە خواردنی برنجی قاوەیی چاکتر بێت لە برنجی سپی، بەس بەهای خۆراکی نێو برنجی قاوەیی زۆرترە.