10 حەز 0 ڕق
80 جار بینراو
وەرگێڕانی فیلم دەبێت چۆن بێت؟ و چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ وەرگێڕانەکانی دیکە و چ خاڵگەلێک دەبێت بەرچاو بگرین لە وەرگێڕانی فیلمێکدا؟

1 وەڵام

12 حەز 0 ڕق
 
باشترین وەلام
بە گشتی پرۆسەی وەرگێڕان و ژێرنووس کردنی فیلم دەتوانین بکەین بە دوو بەشەوە: بەشی زمانی و بەشی تەکنیکی.
لێرەدا هەوڵ دەدەم هەر دوو بەشەکە بۆتان ڕوون بکەمەوە و هەندێ خاڵی گرینگتان بۆ باس بکەم.
بەشی زمانی:
ژێرنووسی هەموو فیلمەکانی جیهان بە ئنگلیزی بەردەستە و هەموو وڵاتان لە ژێرنووسی ئنگلیزیەوە فیلمەکان وەردەگێڕن بۆ زمانی خۆیان. ئێمەش ئاساییە کە هەر ئەم کارە دەکەین و لە ئنگلیزیەوە دەیکەین بە کوردی. وەرگێڕانی فیلمەکان (ئەوانەی زمانیان ئنگلیزی نییە) بۆ ئنگلیزی زۆر بەهێز و جوانن، بۆیە ئەوانەش دیسان سەرچاوەی وەرگێڕانمان هەر ئنگلیزی دەبێت مەگەر ئەوەی زمانی ڕەسەنی فیلمەکە بزانین.
جیاوازی وەرگێڕانی فیلم لەگەڵ وەرگێڕانی دەق

لە نووسیندا زۆرتر زمانی فەرمی بە کار دەچێت، بەڵام لە قسە کردنی ڕۆژانە و لە دیالۆگی فیلمەکاندا زۆرتر زمانی نافەرمی بەکار دەچێت.
وەرگێڕانی دەق بەراورد بە وەرگێڕانی فیلم یان دەنگ ئاسانترە، چونکە لە وتار و نووسراوەکاندا وشە فەرمییەکان بەکار دەچن و بە ئاسانی لە فەرهەنگەکاندا ماناکانیان دەدۆزرێنەوە. بەڵام لە فیلمدا زۆر جار وشەگەلێکی نافەرمی دەبینیت کە لە فەرهەنگە ئەکادیمییەکاندا نین و دەبێت لە نێتدا گەڕانێکی زۆر بکەیت تاکوو ماناکەی بدۆزیتەوە.

خاڵێکی گرینگ لە وەرگێڕاندا، وەرگێڕانی زاراوە (ئیدیۆم)ەکان و تێگەیشتنە لە ماناکانیان. مانای ڕاستەوخۆی وشەکان دیارە کە زەحمەتێکی نییە بەڵام شتێ کە دەبێت زۆر سەرنج بخەینە سەری و بەهەڵەدا نەچین، وەرگێڕانی ئەو زاراوانەیە کە هەندێ جار ڕەنگە مانا ڕاستەوخۆکەی وەرگرین و پێمان وابێت مەبەست ئەوەیە! کەچی مەبەستی بێژەرەکە لەو زاراوەیە تەواو جیاوازە لە مانای ڕاستەوخۆی وشەکانی.

زاراوەکان چۆن وەربگێڕین؟

سەرەتا دەبێت هەوڵ بدەن زاراوەیەکی هاوتا و گونجاو بدۆزنەوە، ئەگەر زاراوەیەکی کوردی و گونجاو هەبوو بینووسن ئەگینا هەر مەبەستی زاراوەکە بنووسن. هەندێ جار بەهەڵە وەرگێڕانی دیالۆگێک دەتوانێت ناوەڕۆک و مانای تەواوی فیلمەکە تێک بدات.

*ئینجا خۆتان لە وشە و دەربڕینی بیانی بپارێزن. نموونەیەکی زۆر ساکار کە لە هەر فیلمێکدا ڕەنگە بیبینن وشەی wow_ە، سەیرە کە دەبینی تەنانوت لە دووبلە کوردییەکاندا دەڵێن واو! یان لە هەندێک فیلمدا بینیومە نووسیویانە 'ئۆکەی' ئەمە شتێکی سەیر و سەمەرەیە و پیشاندەری ئاستنزمی وەرگێرەکە و ناشارەزاییە لە زمانی کوردیدا. بۆ نموونە لە کوردیدا بۆ کاتی دەربڕینی هەستی سەرسووڕمان دەڵێین 'ئەک' ناڵێین واو!! بۆ کاتی قبووڵ کردنی شتێک دەڵێین 'باشە، چاکە' ناڵێین ئۆکەی!!!

زمان سنووری نییە

لە فیلمێکدا بینیم کەسایەتییەک کە خەڵکی مایامی بوو وشەیەکی بە کار هێنا و کەسایەتییەکی دیکە کە خەڵکی لۆس ئانجلەس بوو تێنەگەیشت، ئەمیش بە تووڕەییەوە گوتی کە چۆن دەبێت لە مایامی بیت و مانای ئەو وشەیە نەزانیت؟! ئەمەم گێڕایەوە بۆ ئەوەی بڵێم هەندێ جار وشەگەلێک لە فیلمەکاندا هەن کە تەنانەت ئنگلیززمانەکان خۆیشیان نایزانن و ئەمە شێکی ئاساییە لە هەر زمانێکدا. کەواتە ئاگادار بن زمان سنووری نییە و ژمارەی وشەکان لە ئەژمار نایەن، ئیدی بۆ ئەوەی بتوانن وەرگێڕانی چاک بکەن پێویستە کوردییەکەتان زۆر چاک بێت و هەوڵ بدەن بازنەی وشە کوردییەکانتان بەربڵاوتر و گەورەتر بکەنەوە تاکوو لە کاتی وەرگێڕاندا دانەمێنن بۆ وشە. هەروەها کتێبی کوردی زۆر بخوێننەوە؛ ئەمە یارمەتییەکی ئەوتۆ دەدات بۆ بەهێز بوونی وەرگێڕانەکانتان. بەتایبەت خوێندنەوەی شانۆنامە زۆر لە وەرگێرانی دیالۆگەکاندا بەهێزترتان دەکات.
هەروەها کاتێ مانای وشەیەک نازانن لە باتی بەکارهێنانی وشەی بێگانە، لە فەرهەنگە ئنگلیزی-کوردی_یەکاندا بگەڕن و هاوتا کوردیەکەی بنووسن.

مرۆڤ هەڵەکانی خۆی نابینێت

پاش ژێرنووس کردنی هەر فیلمێک، پێش بڵاو کردنەوەی، بیدەن بە هاوڕێیەک یان هاوکارێکتان کە پێداچوونەوەی بۆ بکات، هەڵەی خاڵبەندییەکان و هەڵە ڕێنووسییەکان و هەڵە ماناییەکانی ڕاست بکاتەوە و ئەگەر لە شتێکدا گومانی هەبوو لەگەڵتان باسی بکات. بەم جۆرە ئاستی کارەکەتان تا ڕادەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.

زانیاری سەبارەت بە مژارە تایبەتەکان

بەگشتی وەرگێڕان لە مژارە جۆراوجۆرەکاندا هەندێ خاڵی هاوبەش و هەندێک جیاوازی هەیە بۆ نموونە وەرگێڕانی دەقێکی وێژەیی و هونەری لەگەڵ دەقێکی یاسایی یان ڕامیاری، هەرکامەیان پسپۆڕ و زمانزانی تایبەت بە خۆیانیان دەوێت.

ئەم خاڵە لە فیلمیشدا ڕەنگ دەداتەوە، بۆ نموونە فیلمێک مێژووییە، یان سەبارەت بە سیاسەتی سەردەمێکە یان فیلمێکی خەیاڵی زانستییە و هتد، بۆ وەرگێڕانی ئەم چەشنە فیلمانە هەندێ زانیاری سیاسی، زانستی، مێژوویی لە سەر بابەتی فیلمەکە پێویستە تاکوو بەتواوی لە فیلمەکە تێبگەن بۆ ئەمەش دەبێت بگەڕن و لە کاتی وەرگێڕاندا، لە نێت یان هەر سەرچاوەیەکی دیکە بگەڕن بۆ ئەو شتانەی زانیاریتان لەسەری نییە. دیارە ئەمە بۆ زانیاری خۆیشتان بە سوود دەبێت و زۆر شتی نوێ دەتوانن لە پرۆسەی وەرگێڕاندا فێر ببن.

گەیاندنی مەبەست بە کەمترین وشە

یەکێک لە سەرەکیترین جیاوازییەکانی وەرگێڕانی فیلم لەگەڵ وەرگێڕانی دەق، کاتە. لە فیلمدا بۆ هەر ڕستەیەک کاتێکی دیاریکراومان هەیە بۆ وەرگێڕان. بۆ نموونە لە دیالۆگێکی دوو قۆڵیدا دەبێت بە جۆرێک وەرگێڕان بکەین لەو کاتە دیاریکراوەدا کە ئەکتەرەکە قسە دەکات مانای قسەکانی ژێرنووس بێت و لەگەڵ ڕستەی دووهەم تێکەڵ نەبێت و دوا نەکەوێت. ئەگەر ڕستەیەک لە سێ چرکەدا دەوگترێ دەبێت وەرگێڕانەکەی بەجۆرێک بێت کە لە سێ چرکەدا بینەر بتوانێت بیخوێنێتەوە. ئەمە هەندێ جار ڕەنگە ماندووتان بکات بەڵام خۆی یەکێکە لە ئەو شتانەی پرۆسەی وەرگێڕان چێژبەخشتر دەکات بۆ وەرگێڕ. ئەگەر پاش ئەو دیالۆگە دیالۆگێ تر نەهات یان دێرتر هات، ئەوسا چەن چرکە کاتتان زۆرتر دەبێت و کێشە نابێت ئەگەر ڕستەکە درێژ ببێتەوە.

بەشی تەکنیکی:

کاتێ باسی بەشی تەکنیکی دەکەین هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێک بوونی کاتەکان، واتە دەبێت لەگەڵ قسە کردنی ئەکتەر، ژێرنووس پیشان بدرێت و یەک چرکە پاش وەستانی ئەو، ژێرنووس بشاردرێتەوە. ئەگەر ڕستەکە درێژ بوو و هەستتان کرد ئەو کاتە بۆ خوێندنەوی کەمە بەمەرجێک پاش ئەو ڕستە فیلمەکە بێدەنگ بێت و کەس قسە نەکات دەتوانن یەک یان دوو چرکەی دیکەشی پێ زیاد بکەن.

*ژێرنووسەکان بە فۆرماتی srt بڵاو بکەنەوە، بەم جۆرە بەکارهێنەر دەتوانێت لە ناو پلەیەرەکەیدا قەبارە و ڕەنگی فۆنتەکە هەڵبژێرێت و فیلمەکە بە هەر کوالیتییەکەوە کە ویستی سەیر بکات و لە ژێرنووسەکەی ئێوە کەڵک بگرێت.

دەتوانن ژێرنووسەکانتان لە ماڵپەڕی subscene بڵاو بکەنەوە تاکوو خەڵک سوودیان لێ ببینن.

ئینجا باشترین و باوترین نەرمامێر بۆ ژێرنووس کردن نەرمامێری Subtitle Edit_ە. دەتوانن بە ئاسانی فیلمی پێ ژێرنووس بکەن و کاتەکان ڕێک بکەن.

هیوادارم بەسوود بووبێت بۆتان و سەرکەوتوو بن.


هەڵیبژارد
...